هەسەدە بەرپرسیارێتی پاراستنی حەوت گوندی گرتە ئەستۆ

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەمڕۆ سێشەممە ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ کۆنترۆڵکردنی حەوت گوندی لە سنووری دێرەزوور ڕاگەیاند. 

فەرماندەی ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزوور سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بەیانی ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێکى فەرمیدا بڵاوکردەوە" لەم دواییانەدا چەندین رووداو لە رۆژئاوای سوریا روودەدەن و تەنانەت لە ناوچە بیابانییەکانیشدا کاریگەرییان هەیە، بۆیە بەهۆی ئەو رووداوانەوە مەترسی ئەوە هەیە شانەکانی داعش چالاک بن، بە تایبەتی لە باکوور و رۆژهەڵاتی دێرەزور کە بۆشایی ئەمنی تێدایە". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" بەهۆی ئەم مەترسییەوە هێزەکانمان لە گوندەکانی ساڵحییە، تابیە، هاتلە، هاشام، مەرات، مەزڵوم و حوسێنییە لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور بەرپرسیارێتی ئەمنی خەڵکی ناوچەکەیان گرتووەتە ئەستۆ". 

هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، بوونی هێزەکانی هەسەدە لەو ناوچانە، لەسەر داواکاری دانیشتووانی ئەو گوندانە بووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، حکومەتی سوریا بەهۆی هێرشەکانی بەرەی تەحریری شام و سوپای نیشتیمانی سوریا کە نزیکن لە تورکیا لە زۆر ناوچە پاشەکشێی کردووە و تێیدا لاواز بووە.

هاوکات هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە لە چەند ناوچەیەکی باکوری سوریا پاشەکشێی کردووە، بەڵام ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە ئەو چەند گوندەی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا و دێرەزوور کۆنترۆڵکردووە. 



AM:10:59:03/12/2024