عێراق بڕی ٤٠٠ ملیار دیناری دیکە بۆ مووچەی سێ مانگی داهاتووی هەرێم دەنێرێت

سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی دەستیکردووە بە گواستنەوە لە پشکی هەرێم لە یاسای بودجە، بەمەشبڕی ٤٠٠ ملیار دیناری دیکە بۆ مووچەی سێ مانگەکە دەنێردرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە ٣ی کانوونی یەکەم سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە میدیای پارتی ڕاگەیاند"وەزارەتی دارایی عێراق دەستیکردووە بە گواستنەوە لە پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە و گەر بگەنە ئەنجام بڕی ٤٠٠ ملیار دیناری دیکە بەم زووانە دابین دەکرێت و خەرج دەکرێت بۆ مووچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢".

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشداوە"چەند رۆژێکە لە وەزارەتی دارایی عێراق کۆبوونەوەی جدی و چر بەرێوەدەچێت تاوەکو لەبارەی گواستنەوەکە بە زووی بگەنە ئەنجامێک".

ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشیکرد، ئەو ٤٠٠ ملیار دینارە بۆ یەک مانگ نییە و دابەشدەکرێتەسەر ئەو سێ مانگەی ماوە.

لەبارەی وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی ١١، سەرچاوەکەی نێو حکومەتی عێراق رایگەیاند "وردبینی دەستیپێکردووە، بەڵام هێشتا تەواو نەبووە"

ئەوەش دوای ئەوە هات دوێنێ وەزارەتی دارایی هەرێم ٧٦١ ملیار دینار رەوانەی هەرێم کرد، کە ٢٤٠ ملیار کورتهێنانی هەیە و دەبێت لە داهاتی ناوخۆ پڕبکرێتەوە، بەڵام حکومەتی هەرێم ئامادە نییە بەو بڕە پارەیە مووچە دابەش بکات.





PM:10:12:03/12/2024