دوو ژنی کورد ناویان لە لیستی ١٠٠ کاریگەرترین ژنی جیهاندایە

کەناڵی (بی بی سی) لیستی ناوی (١٠٠) ژنی ئیلهامبەخش و کاریگەری لە سەرانسەری جیهان بۆ ساڵی (٢٠٢٤) بڵاوکردەوە کە لە نێویاندا دوو ژنی کورد هەن. 

تۆڕی هەواڵی بی بی سی لیستی ناوی (١٠٠) ژنە کاریگەری جیهان بۆ ئەمساڵ بڵاوکردەوە کە بۆ ئەمساڵ دوو ژنی کورد بە ناوەکانی نادیە موراد خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و ژینا مودەرس گرجی خاوەنی دامەزرێنەری کۆمەڵەی ژنانی (ژیوانۆی)،  لەنێو لیستەکەدا وەک ژنانی پێشەنگ و کاریگەر ناویان هاتووە.

نادیە موراد براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، لە ئێستادا داکۆکیکارێکی پێشەنگی ڕزگاربووانی توندوتیژی سێکسی، چالاکوانی مافی مرۆڤە و بەرگەی جینۆسایدی ئێزیدییەکانی لە عێراق گرت کە لەلایەن گروپی ڕێکخراوی چەکدارانی داعش لە ساڵی (٢٠١٤) ئەنجامدرا.

نادیە هەر لەو ساڵەدا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بەدیل‌ و کۆیلە کراو رووبەڕووی دەستدرێژی بووەوە، بەڵام دوای سێ مانگ توانی هەڵبێت‌ و تائێستاش ئەزموون و ئازارەکانی خۆی بۆ هەموو جیهان باس دەکات، بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە توندوتیژی سێکسی پەیوەست بە ململانێکان. 

دوای ١٠ ساڵ لە کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان، نادیە موراد بەردەوامە لە بوون بە هێمایەکی جیهانی بۆ خۆڕاگری.

هەروەها نادیە دەڵێت" دەبێت ئەو شتانە بەکاربهێنین کە من پێی دەڵێم چەکی ڕۆح بۆ شەڕکردن بۆ یەکسانی و دادپەروەری، ڕاستی، هیوا و بەزەیی". 

ژینا مودەرس گرجی کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ڕۆژنامەنووس و داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافی ژنانە لە ساڵی (٢٠١٩)دا دامەزرێنەری کۆمەڵەی ژنانی (ژیوانۆی) بوو کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە پەروەردە و ناڕەزایەتی کەڵک وەردەگرێت.

ناوبراو لە سەرەتای دەستپێکردنی بزووتنەوەی شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی) ئێرانەوە دوو جار دەستگیرکرا، سەرەتا بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ئێران" سزای (٢١) ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، لە ئێستادا سزای کەمکراوەی دوو ساڵ و چوار مانگ بەسەر دەبات.

هەروەها ژینا ئەندامی کەمپەینی یەک ملیۆن واژوو بوو بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی گشتی بۆ چاکسازی یاسادانان لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا کە باسی لەو یاسایانە دەکرد کە جیاکارین لە دژی ژنانی ئێران. 

ئەو لەپشت گروپێکی فۆتۆگرافی ژنانی کورد و پۆدکاستێکی ژنان و کتێبێکی منداڵانە کە ژنانی ئیلهامبەخشی کورد تێیدا بەشدارن.

لە کۆتایی هەموو ساڵێکدا کەناڵی (بی بی سی) ناوی (١٠٠) ژنی کاریگەر و ئیلهامبەخش لە سەرانسەری جیهاندا ئامادە دەکات کە بە فیلمی دیکۆمێنتاری، فیچەر، بابەتی هەواڵ و چاوپێکەوتن کارەکانیان کاریگەرییان لەسەر جیهان دروستکردووە.



AM:10:50:04/12/2024