ئەندامێکی تیمی کوردستانی رێكخراوی (سی پی تی) ڕایدەگەیەنێت" بەهۆی تەقەی سەربازانی تورکیاوە، هاوڵاتییەکی مەدەنی لە سنوری پارێزگای دهۆك گیانی لەدەستدا".
كامەران عوسمان ئەندامی تیمی کوردستانی رێكخراوی (سی پی تی)، کەمێک پێش ئێستا لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند" سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە سێ هاوڵاتی گوندی قومری لە ناحیەی کانی ماسێ، لە دەڤەری بەرواری باڵا لە قەزای ئامێدی ڕوویانکردە چیای هرورێ کە بەنزیکی ١ کیلۆمەتر و نیو لە گوندەکەی خۆیانەوە دوورە".
دەشڵێت" لەلایەن سەربازای تورکیاوە لەسەر لوتکەی کەفرە سۆرەوە تەقەیان لێکراوە و لە ئەنجامدا هاوڵاتییەکی مەدەنی بە ناوی (سەباح عەبدولستار قومری) لە دایکبووی ساڵی ١٩٧٩ بە فیشەکی سەربازانی تورکیا پێکرا و گیانی لەدەستدا".
بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی (سی پی تی)، سوپای تورکیا، لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢١ەوە و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگی-هەورە بروسکەدا چوار بارەگای سەربازی بە قوڵایی ٧ کیلۆمەتر بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان، لە دەورووبەری گوندی هرورێ لەسەر لوتکە چیاکانی (کەفرە سۆر، مەلا ڕدی، دەرارێ و زناری کێستە) دروستکردووە و سەرباز و تۆپخانەی لەناو ئەو بارەگایانەدا جێگیرکردووە.
هەروەها لە سەرەتای ئەمساڵەوە، ١٨ هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی ئۆپەراسیۆن و لەشکرکێشییەکانی تورکیاوە لە خاکی هەرێمی کوردستاندا گیانیان لەدەستدا و ٤ هاوڵاتی تری مەدەنیش برینداربوون.