لە تورکیا و باکووری کوردستان تەنیا لە مانگی تشرینی دووەمدا ٣٢ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون

بە گوێرەی ئاماری پلاتفۆڕمی ( کوشتنی ژنان دەوەستێنین ) لە ١١ مانگی لەم ساڵدا لە تورکیا و باکووری کوردستان ٣٧٥ ژن لەلایەن پیاوانەوە و ٢٣٣ ژنیش بەشێوەی گووماناوی کوژراون و تەنیا لە مانگی تشرینی دووەمدا ٣٢ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون. 

پلاتفۆڕمی (کوشتنی ژنان دەوەستێنین)، لە راپۆرتێکدا ئاماری ئەم ساڵی لەبارەی کوشتنی ژنان بڵاوکردەوە و رایگەیاند" لە مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، لە تورکیا و باکووری کوردستان ٣٢ ژن  لەلایەن پیاوانەوە کوژراون و ٢٦ ژنیش بەشێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستاوە".
 
پلاتفۆرمەکە دەڵێت" هۆکاری کوشتنی حەوت لەو ژنانە، بەهۆی داوای جیابوونەوە، رەتکردنەوەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی و دروستکردنی پەیوەندییەوە بووە".
 
ئاماژەی بەوەشداوە کە ، یەکێکیان بەهۆی داواکردنی پارە، یەکێکی دیکەش بەهۆی ئەوەی شایەتی کوژرانی ژنێک بووە، هۆکاری کوشتنی ٢٣ کوژراوەکەی دیکەش نەزاندراوە.
 
لە راپۆرتەکەدا هتووە"١٧ لەو ژنانە لەلایەن هاوژینەکانیان، پێنجیان لەلایەن خۆشەویستەکانیان، دوویان لەلایەن خۆشەویستی پێشوویان، دوویان لەلایەن خزمەکانیان، یەکێکیان لەلایەن نەناسراوێکەوە، کوژراوە.".

بە گوێرەی ئامارەکانی پلاتفۆڕمی (کوشتنی ژنان دەوەستێنین)، لە ١١ مانگی ئەم ساڵدا ٣٧٥ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون و و٢٣٣ ژنیش بەشێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.



AM:09:57:05/12/2024