سەعدی پیرە: دواکەوتنی مووچە خەتای حکومەتی هەرێمە

وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، گۆڕانکارییەکانی سووریا ئێمەش دەگرێتەوە بە شێوەیەکی ئەرێنی پێلەقە لە بەختی خۆمان نەدەین، لە بارەی پرسی دواکەوتنی مووچەش دەڵێت، "دواکەوتنی مووچە خەتای حکومەتی هەرێمە نەک عێراق”.

ئەمڕۆ شەممە سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند" کۆبوونەوەی یەکەمی یەکێتی و پارتی بەڕێوەچوو، کۆبوونەوەی دووەمیش لە رۆژانی داهاتوو ئەنجامدەدرێت".

وتیشی" گفتوگۆ لەسەر خاڵە ناکۆکەکان دەکرێت، هیوادارین ئەو دوو لایەنە بە خەیاڵێکی ئارام گفتوگۆیەکی چڕ بکەن بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەربکەن".

سەعدی پیرە ئەوەشی وت" هیوادارین هەردوولا رێگری لەوە بکەن کە کۆسپ و تەگەرە بۆ گفتوگۆکان دروستبکەن لەڕێگەی لێدوانی نادروستەوە".

لە بارەی دواکەوتنی مووچەوە  ئەوەی خستەروو"بە پینەوپەڕۆ راستییەکان ناشاردرێتەوە دواکەوتنی مووچە خەتای حکومەتی هەرێمە نەک عێراق".

ئەمە لەکاتێکدایە ماوەی زیاتر لە دوو مانگە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە و تا ئێستا هەرێم چاوەڕوانی بەغدایە پارەی زیاتری بۆ ڕەوانە بکات بۆ ئەوەی خشتەی مووچە بڵاوبکاتەوە.




PM:01:44:07/12/2024