رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان پشتیوانی بۆ چەکدارانی دەستەی تەحریری شام ڕاگەیاند و پەیامێکیان ئاڕاستە دەکات.
عیرفان عەلی، ڕابەری بزوتنەوەی ئیسلامی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "برای بەڕێزم فەرماندە ئەحمەد شەرع فەرماندەی ڕاپەڕینی گەلی سوریای دراوسێ و خۆشەویست و هاوڕێیانتان لە ژوری ئۆپەراسیۆنەکان، پێش خەڵکی سوریای شۆڕشگێڕ، دڵی سەرجەم موسوڵمانان و خەباتگێڕانی جیهانتان خۆشکرد بەو ڕاپەڕینە مەزنە، خوای گەورەو میهرەبان پشتیوانتان بێت و ماوەی ڕاگوزەری بە باشیی تێپەڕێنن، ئەوەی کە گرنگە جیهان ئێستا چاوی لەسەر ئێوەی ئازیزە چۆن ئەو قۆناغە تێدەپەڕێنن."
ڕابەری بزوتنەوە چەند خاڵێکی لە پەیامەکەیدا خستووەتەڕوو کە بریتین لە:
یەکەم: سیستەمێکی مەدەنی لە سوریادا دابمەزرێنن، کە ببێتە سەرچاوەیەکی باش بۆ حوکمرانییەكی ڕەشید کە تەواوی هاوڵاتیانی سوریا لێی بەهرەمەندبن و ببێتە شانازی بۆ سەدان ملیۆن مسوڵمان.
دووەم: تێگەیشتن لەو پەیوەندییە ئاڵۆزە نێودەوڵەتیانە و بە هۆشیاری مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەكان كە دوور بێت لە عاتیفە.
سێیەم: گرنگی تەنها بە سوریا بدەن و خۆتێوەنەگلان لە کێشەی گەلانیتر، چونكە هەر گەلەو تایبەتمەندی خۆی هەیە.
چوارەم: تێپەڕاندنی ئەو فیقهە سیاسییە كۆنەی كە لەگەڵ ئەم واقیعەی مسوڵمانان ناگونجێت و بەرهەمهێنانی فیقهی سیاسی نوێ بۆ ئەم واقیعە.