چارەنووسی سێ مووچه‌ى كۆتایی ئه‌مساڵی فەرمانبەران یەکلایی دەبێتەوە

بڕیارە سبەینێ چوارشەممە دوو گوژمەى پارە بۆ مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم لە بەغدادەوە رەوانەى هەرێم بکرێت.

ماڵپەڕی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان (کەى ئێن ئێن)، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە" شەوى رابردوو تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق رەزامەندى دەربڕیووە لەسەر خەرجکردنى ٤٣٠ ملیار دینار کە لە بودجەى عێراقدا بەشى هەرێمى کوردستانە و بڕەکەى زیاتر لە دوو ترلیۆن دینارە لە خشتەى ژمارە ٩ دەگوازرێتەوە کە تایبەتە بە پارەى تەرخانکراوى چاودێرى کۆمەڵایەتی بۆ ئەمساڵ". 

ئاماژەى بەوەشکردووە، سبەینێ ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێم کۆبوونەوەى ئاسایی خۆى دواى دوو هەفتە ئەنجام دەدات، لە کۆبونەوەکەدا رێکارەکانى دابەشکردنى ئەم سێ موچەیە و پرسى پڕکردنەوەى کورتهێنانى مانگى ١٢ تاوتوێدەکرێت و باسیش لەو پارانە دەکرێت کە بەغداد دەینێرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، هەرێمى کوردستان بۆ موچەى مانگى ١٠ بڕى ٧٦٠ ملیار دینارى بۆ خەرجکراوە، سبەینێش بڕى ٧٦٠ ملیار دینار و ٤٣٠ ملیار دینارى گواستنەوەى بودجەکەشى بۆ رەوانە دەکرێت، بەمە دەتوانێت موچەى مانگەکانى ١٠ و ١١ یەکلایی بکاتەوە و دەست بە دابەشکردنى بکات کە سبەینێ لە ئەنجوومەنى وەزیرانەوە بڕیارى لێدەدرێت.

ماڵپەڕەکە باسی لەوەشکردووە، بۆ مووچەى مانگى ١٢ حکومەتى عێراق رەزامەندە بە ناردنى ٧٦٠ ملیار دینارى دیکە بۆ موچەى ئەو مانگە، ئەوەى دەمێنێتەوە تەنها بڕى ٢٠٠ ملیار دینار کورتهێنانە کە دەبێت لە داهاتى ناوخۆ و لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە پڕ بکرێتەوە.



AM:10:56:10/12/2024