فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە، سەبارەت بە دۆخی منبج ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" بە نێوەندگیری ئەمریکا ئاگربەست کراوە"، دەشڵێت" شەڕڤانانی ئەنجوومەنی سەربازی منبج بەزووترین کات لە ناوچەکە دێنە دەرەوە".
مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمڕۆ چوارشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس)، بڵاویکردەوە" لە کاتیکدا شەڕڤانانمان لە منبج بەردەوامن لە بەرگریکردن بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانەی لە رۆژئاوای فوڕاتەوە دەکرێن، ئێمە بە نێوەندگیری ئەمریکا گەیشتینە رێککەوتنێک بۆ ئاگربەست لە منبج، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هاوڵاتییان".
کۆبانێ دەشڵێت" شەڕڤانانی ئەنجوومەنی سەربازی منبج کە لە ٢٧ی مانگی ڕابردووەوە بەرپەرچی هێرشەکان دەدەنەوە، بەزووترین کات لە ناوچەکە دێنە دەرەوە، ئامانجی ئێمە ئاگربەستە لە تەواوی سووریا و چوونە نێو پرۆسەی سیاسیە لەپێناو داهاتووی وڵاتدا".
منبج شارێکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای حەلەب لە باکوری سوریا و بە دووری ٣٠ کم لە ڕۆژئاوای ڕووباری فورات و ٨٠ کم لە شاری حەلەبەوە دوورە، لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٤دا کە لەلایەن نوسینگەی ناوەندی ئامارەوە ئەنجامدرا، ژمارەی دانیشتوانی منبج نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس بوو، زۆرینەی دانیشتوانی منبج عەرەبی سوننەن، ئەمە جگە لەوەی کەمینەیەکی کوردن و ماوەی چەندین ساڵ بوو لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدەوە بەڕێوەدەبرا.