لە دوای روونکردنەوەکەی هێرۆ عەتار لەبارەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمان بەدەر لە حزبەکەی، بەرپرسێکی کۆمەڵی دادگەری جەخت دەکاتەوە"هێرۆ عەتار دەرکراوە".
عەبدولستار مەجید، ئەندامێكی ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی لە بارەی کۆنگرە رۆژناگەریەکەی دوێنێ هێرۆ عەتارەوە، ڕایگەیاند " حیزبیبوون گرێبەستێكی دوولایەنەیە، بەپێی ئەو گرێبەستەی ئێمە لەگەڵ كەسەكەی دەكەین، پێویستە پێوەی پابەند بێت، بەڵام ئەو خاتوونە گرێبەستەكەی نێوان خۆی و كۆمەڵی دادگەری شكاندووە".
ئەندامەکەی ئەنجومەنی باڵا داواکارییەک لە هێرۆ دەکات و دەڵێت" ئەگەر هێرۆ عەتار پاشگەز نەبێتەوە لە ئەندامبوونی لە خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان هەزار جاریش بڵێ من ئەندامی كۆمەڵی دادگەریم لای ئێمە دەركراوە و ئەندام نییە".
دوێنێ سێشەممە، هێرۆ عەتار، ئەندامی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" هەرچەندە من پابەندی بڕیاری كۆمەڵی دادگەری نەبووم و بوومە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام من هەر ئەندامی كۆمەڵم و پابەند نەبوونەكەم بۆ كارێكی خراپ و نەشیاو نەبووە، چووم بەرگری لە مافی خەڵك بكەم، نە خۆم فرۆشتووە، نە بۆ پارە و پۆست چوومەتە پەرلەمان."
هێرۆ عەتار یەکێکە لەو سێ ئەندام پەرلەمانەی کۆمەڵی دادگەری کە لە هەڵبژاردنی ٢٠ ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بەڵام حزبەکەی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەڵبژاردن ساختەی تێداکراوەو بایکۆتی بەشداریکردن لە پەرلەماندا دەکات، بەڵام هەفتەی رابردوو لەیەکەم کۆبوونەوەی پەرلەماندا ناوبراو بەشداری کۆبوونەوەکەی کرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لە حزب دەربکرێت.