هەموو ساڵێك بەبۆنەی یادی لەدایكبوونی پێغمەبەر عیسا لە هەرێمی كوردستان دەبێتە پشوو، بەڵام ڕەنگە ئەمساڵ پشووەکە زیاتر بێت و ١١ ڕۆژ بێت.
بەپێی ڕۆژمێری حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە لە هەرێمی کوردستان بەبۆنەی یادی لەدایكبوونی پێغمەبەر عیسا( ساڵی تازەی زایینی) لە ٢٥ی مانگەوە چەند ڕۆژ پشووی فەرمی دەبێت، هەندێكجاریش بەهۆی هەندێك هۆکاری دیکەوە ژمارەی ڕۆژەكانی پشوو زیاتر دەبێت.
لەبارەی پشووەکانی سەری ساڵی نوێیەوە سەرچاوەیەكی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیران لە لێدوانێکی لەگەڵ میدیای پارتی رایگەیاند" هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو ئەمساڵیش پشوو لە ٢٥ی مانگەوە دەستپێدەكات، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕۆژی ٢ی١ی ساڵی نوێ دەكەوێتە ڕۆژی پێنجشەممە، ئەگەری بەهێز هەیە بە بڕیارێك پشووەكە درێژ بكرێتەوە بۆ سەرەتای هەفتەی دواتر كە دەكاتە ڕێككەوتی ٥ی ١ی ٢٠٢٥، بەمەش پشووی سەری ساڵی ئەمساڵ دەبێتە ١١ ڕۆژ، بەڵام تاوەكو ئێستا بڕیاری فەرمی لەبارەیەوە نەدراوە".