جۆلانی: داواکارم سزاکانی سەر سووریا هەڵگرن

ئەحمەد شەرع سەرۆکی دەستەی تەحریری شام دەڵێت" سووریا نابێتە ئەفغانستان و داواکاری هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریای دەکام ". و هەروا داواشیکرد دەستەی تەحریری شام لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان بسڕدرێتەوە.

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام کە پێشتر بە ئەبومحەمەد جۆلانی ناسراو بوو، لە لێدوانێکدا لەگەڵ دەستەی رادیۆی بەریتانی، داوای هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریای کرد و داواشیکرد دەستەی تەحریری شام لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان بسڕدرێتەوە، کە لە لیستی تیرۆری نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیادایە.

ئەحمەد شەرع، رایگەیاند "دەستەی تەحریری شام گرووپێکی تیرۆریستی نییە و ئەوان خەڵکی سڤیل و شوێنە مەدەنییەکان بە ئامانج ناگرن" و گرووپەکەی بە قوربانی، تاوانەکانی دەسەڵاتی ئەسەد ناوبرد.

ئەحمەد شەرع، رەتیشیکردووەتەوە سووریا ببێتە کۆپییەکی ئەفغانستان، ئاماژەی بەوەکردووە هەردوو وڵات جیاوازن، دابونەریتی جیاوازیان هەیە و بۆچوونی وایە ئەفغانستان کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی هەیە، دەشڵێت" سووریا عەقڵیەتێکی جیاوازی هەیە و کە بڕوای بە خوێندنی ژن هەیە".




PM:12:07:19/12/2024