ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت" شەڕو پێکدادانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و کوتلەکانی سەر بە تورکیا لە لادێکانی حەلەب بەردەوامە، ئەمڕۆش تەقینەوەیەک لە منبج ڕوویداوە".
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، شەڕەکە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی هاوڵاتییەک و کوڕە پێنج ساڵانەکەی کە لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی گولـلە تۆپێک بەسەر ماڵەکەیاندا لە شارۆچکەی ئەبو قەلقال، نزیک بەنداوی تشرین لە لادێکانی ڕۆژهەڵاتی منبج ڕوویداوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ ئەنقەرە ڕایگەیاند کە" هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات سەبارەت بە ئاگربەست نەکراوە". (ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە شەڕەکان بەرەو قۆناغێکی نوێی پەرەسەندن ڕۆیشتوون)
هەروەها ڕوانگەکە ئەوەشی خستەڕوو، تەقینەوەیەک شاری منبجی لە لادێکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب هەژاند، ئەوەش لەکاتێکدا پێشبینیدەکرا کە بەهۆی هێرشێکی ئاسمانییەوە بووبێت کە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پێشهاتێکی دیکەدا هێزی ئاسمانی ئەمریکا خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیای ڕاگەیاند کە بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕایەوە.