بەشێک لە چالاکوانانی شاری سلێمانی داوای پشتیوانی بۆ کوردانی سوریا دەکەن

بەشێک لە چالاکوانانی مەدەنی لە شاری سلێمانی هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی هاوکارییان بۆ پاڵپشتیکردنی خێزانە ئاوارە کوردەکان لە سوریا دەستپێکرد کە دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم دواییە و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕووبەڕووی بارودۆخی مرۆیی بوونەوە. 

حاکم شێخ لەتیف، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە یاوەری ژمارەیەک چالاکوان، ڕایگەیاند" سێ ناوەند تەرخان دەکرێت بۆ وەرگرتنی هاوکاری لە سلێمانی، جگە لە ناوەندەکانی دیکە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم". 

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییەی کە دانیشتووانی سلێمانی پێیدا تێدەپەڕن، بەهۆی دواکەوتنی خەرجکردنی مووچە، داوا لە هەموو لایەک دەکەن لەگەڵ گەلی سوریا بوەستن، چونکە ئازارەکانی کورد و کارەساتەکانی ئاوارەبوون و دیپۆرتکردنەوەیان وایکردووە ببێتە چارەنووسێکی هاوبەش لە نێوان چوار پارچەی کوردستاندا. 

شێخ لەتیف ڕاشیگەیاند" تاکە دەروازەی نێوان کوردستان و سوریا لە ئێستادا داخراوە، ئەمەش ڕێگری دەکات لە گەیاندنی ڕاستەوخۆی هاوکارییەکان".

هەروەها داواشی لە حکومەتی هەرێم کرد، دەروازەکە بکاتەوە بۆ ئاسانکاری بۆ هاتنی هاوکارییە مرۆییەکان، و ئەگەر ئەوەش نەتوانرێت، هەماهەنگی لەگەڵ مانگی سوور دەکرێت بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بە خێزانە ئاوارەکان. 



PM:04:51:19/12/2024