ئەندامێکی پەرلەمانی ئەورووپا: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نابێت و بۆی نییە پشت لە کورد بکات

ئەندامێکی پەرلەمانی ئەورووپا دەڵێت"کاتێک ئەورووپا لە چوارچێوەیەکی فەرمیدا خەریکی پەیوەندی گرتنە لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریەدا، دەبێت داننان بەسەر خۆبەڕێوەبەری ڕۆژاوا وەک مەرجێک دابنرێت".

لی ئاندێرسۆن نوێنەری فینلاند لە پەرلەمانی ئەورووپا لە دیمانەیەکدا رایگەیاند" ئێستاکە کە دیکتاتوری بەشار ئەسەد کۆتایی پێهاتووە، جێگای خۆشحاڵییە، بەڵام داهاتووی سووریا جێگای نیگەرانییە و چەندین پرسیاری گەورە دێنێتە گۆڕێ".

جەختیشی کردەوە لەوەی" لە ئێستادا دەستەی تەحریری شام توانیویەتی دەست بە سەر سووریەدا بگرێت، دەبێت کارێ بکرێت کە مافی ژنان پارێزراو بێت و هێشتا فرە دیموکراسی و چەند دەنگی لە ژێر پرسیاردایە".

وتیشی" تورکیا و ئیسرائیل ئەم بارودۆخە بەکاردەهێنن بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان و دەیانەوێت ناوچەگەلێک لە سووریە بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە. تورکیا هێڕش دەکات سەر کوردان و ناوچە خۆبەڕێوەبەریەکانی ڕۆژاوا و گروپە ئیسلامییەکانی سەربەخۆی چەکدار دەکات بۆ ئەم مەبەستەیە".

دووپاتیشیکردوە"ئەورووپا دەبێت فشار بخاتە سەر ئەم وڵاتانە کە خێرا و بە زوویی واز لەم کردەوانەیان لە سووریا بهێنن".

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد" کاتێک ئەورووپا لە چوارچێوەیەکی فەرمیدا خەریکی پەیوەندی گرتنە لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریەدا، دەبێت داننان بەسەر خۆبەڕێوەبەری ڕۆژاوا وەک مەرجێک دابنرێت".

لی ئاندێرسۆن وتیشی" کاتێک لەسەر داهاتووی سووریا گفتوگۆ دەکرێت، دەبێت کورد بەشدار بێت چ لە ئاستی ناوخۆییدا چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نابێت و بۆی نییە پشت لە کورد بکات، کە گەورەترین قوربانیدانیان لە ناوچەکەدا داوە، لە پێناوی بەرابەری و یەکسانی و دژ بە داعش و ترۆریستەکان".




PM:09:22:19/12/2024