کەشناسێک: بارانبارین و هەورە بروسکە دەستپێدەکات

شارەزایەکی بواری کەشناسی زانیاری نوێی لەسەر شەپۆلی باران و بروسکەی کۆتای ئەم ھەفتەیە ڕاگەیاند و دەڵێت" لە شەوی ھەینی لەسەر شەممە بارستە هەوایەکی سارد ڕوو لە هەرێم دەکات و پلەکانی گەرما کەمێک نزمدەبێتەوە و خێرای باش کەمدەبێتەوە، لەگەڵ بەردەوامی بارانبارین بەشێوەی پچر پچر و بارینی بەفر". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی، ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" بەرەبەیانی رۆژی ھەینی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری دۆخێکی ناسەقامگیری کەشەوە لە ئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست و سوور سەرەتاش بارستە ھەوایەکی گەرمی کەمێک شێدار رۆژی ھەینی لە دەریای سوورەوە دەگاتە ناوچەکە لەگەڵ بوونی بارستە ھەوایەکی ساردیش لە دەریای ناوەراستەوە ناجێگیریەک لە کەشی ناوچەکە دروستەکات ھەر لە چالاکبوونی بای باشور و باشوری رۆژھەلات بەخێرای ١٥ کم تا ٣٥ کم زیاتر لە کاتژمێرێکدا کە خێرای باکە چالاکتر دەبێت لە ناوچەکانی گەرمیان و کەرکوک و سەنتەری ھەولێر وە چالاکبوونی ھەورە بروسکە و تاوە بارانی کەم بۆ مامناوەند  لە کات و شوێنی جیاوازدا".

ئەوەشی خستەڕوو، لە شەوی ھەینی لەسەر شەممە ھەوا ساردەکەی دەریای ناوەراست دەگات و پلەکانی گەرما کەمێک نزمدەبێتەوە و خێرای باکەش کەمدەبێتەوە لەگەڵ بەردەوامی بارانبارین بەشێوەی پچر پچر و بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان لە بەرزی زیاتر لە ١٦٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە، کاریگەری ئەم شەپۆلە تا ئێوارەی رۆژی شەممە بەردەوام دەبێت و دواتر کۆتای پێدێت. 

ئاراس جەبار ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرترین بڕی باران چاوەروان دەکرێت بۆ ناوچەکانی پارێزگای دھۆک و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکە و وە ناوچەی شاخاوی پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی راپەرین و سۆران لە نێوان ٣٠ - ٧٠ ملیممەتر، بەرێژەی مامناوەند ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین ١٥ - ٣٠ ملیممەتر، کەمترین کاریگەری لەسەر ناوچەکانی پارێزگای کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان و سەنتەری پارێزگای ھەولێر دەبێت، زیاتر ئەگەری نمە باران دەبێت و ھەندێ شوێنێش بارانێکی مامناوەند دەبارێت لە نێوان ٢ تا ٦ ملیممەتر و ئەگەری گۆڕانکاری زیاتریش دەبێت. 



PM:03:17:23/12/2024