لە هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر سوریا دوو ئەندامی داعش کوژران و بارهەڵگرێکی چەکیش تێکشکێندرا.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند" هێزەکانمان هێرشێکی ئاسمانی وردیان لە پارێزگای دێرەزۆر لە سوریا ئەنجامدا و بەهۆیەوە دوو ئەندامی داعش کوژران و یەکێکی دیکەش برینداربوو".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" تیرۆریستان بارهەڵگرێکی پڕ لە چەکیان دەگواستەوە کە لە کاتی هەڵمەتەکەدا لە ناوچەیەکدا ئەنجامدرا کە پێشتر لە ژێر کۆنترۆڵی ڕژێمی سوریا و ڕوسەکاندا بوو لەناوبران".
ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگەش فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردبوو، هێزەکانیان چەند هێرشێکیان کردووەتە سەر چەند کامپێکی داعش و چەند ئەندامێکی لە سووریا کە لە ئەنجامدا ١٢ چەکداری داعش کوژراون.