دانیشتنی دادگای ئیداری بەغداد له‌سه‌ر پێكهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک دواخرا

دادگای ئیداری بەغداد ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ جارێكی دیكه‌ بڕیاردانی له‌سه‌ر سكاڵای ژمارەیەک لایەن لە دژی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک دواخست.

کاروان عوسمان بەرپرسی بەشى سکاڵاکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک، ئەمڕۆ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" دادگای ئیداری بەغداد لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا سکاڵاکان لە دژى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکوک، بۆ ڕۆژی ٢٢ى کانوونى دووەمى ٢٠٢٥ دوابخات". 

سکاڵاکان لەلایەن هەریەک لە پارتی و به‌ره‌ی توركمانی و به‌ره‌ی عه‌ره‌بی تۆمارکراون و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەکانی و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاری كەركوك دەکەن. 

شه‌وی ١٠ی ٨ی ٢٠٢٤ فراکسیۆنی یەکێتی و کوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی سوننە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، بەبێ بەشداری حزبی پارتی و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی لە شاری بەغداد کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار ته‌ها وه‌ك پارێزگاری نوێی کەرکوک و محه‌مه‌د حافز وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا هه‌ڵبژێردران. 

هەروەها ڕۆژی ١٤ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ یاوس حەمید کە تورکمانێکی سوننەی کەرکوکە، لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە جێگری پارێزگار هەڵبژێردرا.

لە بەرامبەردا (٩) ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، دژی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاری كەركوك لە دادگای ئیداری بەغداد سکاڵایی یاساییان تۆمارکرد، تێیدا داوایانکرد بە بڕیارێكی سالاری دانیشتنەكە پوچەڵبكاتەوە.



PM:12:01:24/12/2024