مەزڵوم عەبدی بە ئیسلامیکردنی سوریا رەتدەکاتەوە


فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند" هەر پرۆژەیەک بۆ بەئیسلامیکردنی سوریا، هەڕەشە لە شوناسی فرەچەشنی کلتووری و ئاینی وڵاتەکە دەکات".

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی " ئەلحورە"، هۆشداری دەدات لەهەر پرۆژەیەک بیەوێت سوریا بەئیسلامی بکات و، دەڵێت" دەبێت داهاتووی سوریا لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانیی نێوان هەموو ئاین و پێکهاتەکان دابمەزرێنرێت".

لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت" ئەوان چارەسەری ئاشتییانەیان بۆ سوریا دەوێت و کەناڵی پەیوەندی لەگەڵ تەحریری شام دەکەنەوە بۆ ئەوەی هیچ پێکدادانێک لەنێوانیاندا روونەدات".

فەرماندەی هەسەدە دەشڵێت "هێشتا دانوستانمان لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا نەکردووە، بەڵام کاری لەپێشینەمان لەئێستادا، فەراهەمکردنی کەشێکە تێیدا هەموو پێکهاتەکانی سوریا پارێزراو بێت".




AM:12:45:25/12/2024