کەشناسی هەرێم وادەی دەستپێکردنی بارانبارینی ڕاگەیاند

بەیانی ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕەوشی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئەمڕۆ و سبەینێ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و پلەکانی گەرماش دادەبەزن". 

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ بەگشتی ئاسمان هەورى تەواو دەبێت، سەرەتا نمە باران و بارانى مامناوەند لە سنورى پاریزگاى دهۆک و ئیدارەى سەربەخۆى سۆران دەبارێت، پاشان بۆ کاتەکانى نیوەرۆ بەدواوە کاریگەریەکەی درێژدەبێتەوە بۆ تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها هەورە تریشقەشی لەگەڵ دەبێت، لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و ناوچە سنووریەکان بەفربارین دەبێت، پێشبینیدەکرێت بۆ کاتەکانی شەو بڕی دابارین زیاد بکات و هەندێک جار دەگۆڕێت بۆ لێزمە باران، هاوکات پلەکانی گەرما یەک تا سێ پلە نزمدەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، خێرای باش (١٥ - ٢٥)کم دەبێت، بەڵام هەندێکات خێرایی با زیاد دەکات بۆسەروو (٤٠)کم لە هەر کاتژمێرێکدا و مەودای بینین (٦ - ٨)کم دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ شەممە ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و پاشان دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور لە کاتەکانی بەیانیدا نمە باران لە هەندێک ناوچە دەبارێت، هەندێک کات لە ناوچە شاخاوییەکان بارانی مامناوەند دەبارێت لە کاتەکانی دواینیوەڕۆ کۆتای بەم شەپۆلە بارانبارینە دێت، هەروەها پلەکانی گەرما یەک تا سێ پلە دادەبەزن بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ و خێرای باش (١٠ - ٢٠)کم دەبێت، مەودای بینین (٨ - ١٠)کم دەبێت. 

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی بەمشێوەیەیە: 

هەولێر: ١٣

سلێمانی: ١٢

دهۆک: ١٣

زاخۆ: ١٣

هەڵەبجە: ١١

کەرکوک: ١٦

سۆران: ٩

حاجی ئۆمەران: ٣

گەرمیان: ١٦



AM:10:43:27/12/2024