هەسەدە: تۆمەتبارکردنمان بە تەقینەوەکەی منبج رەتدەکەینەوە

ئەنجوومەنی سەربازیی منبج کە هێزێکی سەر بە هەسەدەیە وێرای ئیدانەکردنی تەقینەوەکەی دوێنێی منبج رەتیدەکاتەوە دەستی تێدا هەبووبێت. 

ئەنجوومەنی سەربازیی منبج کە هێزێکی سەر بە هەسەدەیە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت" تەقینەوەکەی ئێوارەی دوێنێی منبج سەرکۆنە دەکەن و هەر تۆمەتێک بۆ تێوەگلانی هێزەکانیان لەو تەقینەوەیە رەتدەکەنەوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، داوا لە خەڵکی هۆشمەندی منبج دەکەن بەدوای ئەنجامدەرانی راستەقینەی تەقینەوەکەدا بگەڕێن و بیاندۆزنەوە.

ئەنجوومەنی سەربازیی منبج لە راگەیەندراوەکەدا، گرووپەکانی نزیک لە تورکیای تۆمەتبارکردووە بە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی منبج و دەڵێت، نەخشەداڕێژەرانی ئەو تەقینەوەیە لەناو بەکرێگیراوەکانی تورکیادان کە کردەوەی بەتاڵانبردن و کوشتنی هاوڵاتیان لەناویاندا زیادیکردووە.

ئێوارەی دوێنێ هەینی، ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە شارۆچکەی منبجی سووریا تەقییەوە، بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، تەقینەوەکە تەنیا زیانی ماددی هەبووە و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

هاوکات سوپای تورکیا بە دەیان موشەک گوندی "ئەسڵانکێ"ـی باشووری "کوبانێ"ـی لە رۆژئاوای کوردستان تۆپبارانکردووە و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاوڵاتیی مەدەنی برینداربوون.



AM:09:14:28/12/2024