سەرچاوەیەكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە بڵاویكردەوە، لەژێر رۆشنایی بڕیاری ئەنجومەنی دادوەریی عێراقدا، بارەگای حزبەكانی نزیك لە پەكەكە لە سلێمانی داخران.
سەرچاوەیەک لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە، ، بە کەناڵ8ـی راگەیاند، لە رۆژی سێشەممە ٣١ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤ـەوە بارەگا و ئۆفیس و ناوەندەکانی سەر بە حزبەكانی "تەڤگەری ئازادی"، "حیزبی ئازادی و دیموکراتیی ئێزدی" و "حیزبی بەرەی خەباتی دیموکراتی" لە شاری سلێمانی داخراون.
ئەنجومەنی دادوەریی عێراق لە ١ـی ئابی ٢٠٢٤ـدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو سێ حزبەی بەپاساوی پەیوەندییان بە پەكەكە دابو.
سەرچاوەكەی دەزگای ئاسایش وتوشیەتی"داخستنی بارەگاکان بە بڕیاری دادوەر و لەژێر رۆشنایی بڕیارەکەی ئەنجومەنی دادوەریی عێراق بوە."
بەقسەی سەرچاوەکە، پێشوەخت سەرجەم بارەگا و ئۆفیسەکان لە کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکانیان ئاگادارکرابونەوە و "پێیان وترابو مۆڵەتی کارکردنیان کۆتاییهاتوە."