ئەندامێکی لیژنەی نەوت و وزە لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند؛ هەرێمی کوردستان و بەغداد رێککەوتون لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەریمی کوردستان.
نەهرۆ مەحمود، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، ناکۆکی سەرەکی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی بەرهەم هاتوی هەرێم و هەناردەکردنی بوو، بەڵام ئەو کێشەیە چارەسەر کراوە.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە بە پێی رێکەوتنی نێوان هەردولا پێویستە هەمواری یاسای بودجە بکرێتەوە و لەهەمان کاتیشدا بڕی ١٦ دۆلار وەک تێچوی کاتی دیاریکراوە بۆ دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی بەرهەمهاتوی هەرێم تا ئەو کاتەی کۆمپانیایەکی راوێژکاریی نێودەوڵەتی پەیوەندیدار رادەسپێردرێت بۆ ئەوەی لەماوەی دوو مانگدا کارەکانی خۆی تەواو بکات.
وتیشی" لەگەڵ دەنگدان بەهەموارکردنەوەی بودجە دەست بەهەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەکرێت لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە ئەویش بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، دواتر کۆمپانیای ڕاوێژکاری تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن لەداهاتوودا دیاری دەکات".