لەماوەی مانگێکدا سێ بەرپرسی حزبی و حکومی سەردانی تورکیایان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئاکپارتی کۆبوونەوە، هەرچی سەرۆکی نەوەی نوێیە تا ئێستا هیچی بڵاونەکردۆتەوە، ئەمینداری یەکگرتووش دوای چەند رۆژێک هەندێک زانیاری بڵاوکردەوە، مەسرور بارزانیش زانیاری فەرمی وەک هەموو سەردانەکانی تریان بڵاوکردەوە.
مانگی رابردوو سەلاحەدین بەهادین بە سەردانێکی رانەگەیەندراو گەیشتە تورکیا و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە، دوای چەند رۆژێک هەندێک زانیاری بڵاوکردەوە کە گوایە سەردانەکەی بە مەبەستی ناوبژیوانی نێوان کوردانی باکور و رۆژئاوا لەگەڵ تورکیا بووە.
دوێنێ ٦ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە هەژماری وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وێنەی نوح یەڵماز جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نوێ بڵاوکرابووەو نوسرابوو" نوح یڵماز، بریکاری سەرۆک وەزیران لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی بزووتنەوەی نەوەی نوێی کۆبووەوە".
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەلایەن شاسوار عەبدولواحید و میدکانیەوە لەسەر ناوەرۆکی ئەو کۆبوونەوەیە بڵاونەکراوەتەوە.
ئەمڕۆش سەرۆکی حکومەتی ( ماوە بەسەرچوو ) مەسرور بارزانی لەگەڵ فیدان و ئەردۆغان بڵاوکرایەوە، بەزمانێکی فەرمی لە دووتوێی هەواڵەکەدا نوسراوە" لە کۆبوونەوەکەدا، بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەکانی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و سووریا تاوتوێ کرا”.
هەروەها هاتووە "جەخت لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا."
لەبارەی دۆخی سووریاش، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پاراستنی ئارامیی و ئاسایش و مافی گشت پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە."
لە لایەکی دیکەوە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە، لە کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کراون.
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئەوەشی خستووەتە ڕوو "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە سەقامگیری و ئاسایشی عێراق کرایەوە و هەردوولا هەوڵ دەدەن پێشهاتەکانی سووریا نەبێتە هۆی ناسەقامگیرییەکی دیکە لە ناوچەکەدا."
لەو راگەیاندنانەی بەرپرسانی کوردا ئاماژە بۆ ئەوە نەکراوە کە بەرپرسانی تورکیا دوای چیان لە هەریەک لەم بەرپرسە کوردانەکردووە، لە بارەی پەکەکە و رۆژئاوای کوردستان و هەتا یەکێتی نیشتمانی کوردستانیشەوە.