وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم ڕێیگەیاند نێچیرڤان بارزانی بەمەبەستی بەشداری لە کۆبوونەوەی لایەنەکانی پێکهێنەریحکومەتی عێراق (ئیدارەی دەوڵەت) دەچێتە بەغدا.
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩ی کانوونی دوەم بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: بڕیارە هەفتەی داهاتوو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و بەشداری لە کۆبوونەوەی لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی عێراق "ئیدارەی دەوڵەت" بکات.
ئاماژەی بەوەشداوە، بڕیارە نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ لایەنە عێراقی و سیاسییەکان بەجیا کۆبێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریداوە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەگەڵ سەرکردە و دەسەڵاتداران و وەزیرە کوردەکان لە حکومەتی عێراق ئەنجام بدات، بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچە و ئەو گرفتانەی لەلایەن بەغداوە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروستدەکرێت.