مەسرور بارزانی: مامەڵەی بەغداد لەگەڵ هەرێمی کوردستان ستەمکارانەیە

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە بارەی پرسی مووچە لە شاری هەولێر دەستی پێکرد ، سەرۆکی حکومەت هەرێم ڕایگەیاند" کورد یەک دەست بێت بەغداد ناتوانێت مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکات".

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند" ئەگەر کورد یەک دەست و یەک هەڵوێست بێت، بەغداد ناتوانێت مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکات".


مەسروور بارزانی وتی" بەداخەوە هەموو فراکسیۆنەکان نەهاتوون بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، لەکاتێکدا ئەم کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دەکرێت گرنگە".

وتیشی" ئێمە داوای مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین لە بەغدا، مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان ستەمکارانەیە، بۆیە دەبێت ئێمە (پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا) ڕاست بکەینەوە؛ دەستوورێکمان هەیە و دەبێت پابەندی ئەم دەستوورە بین".

ئەوەشی خستەڕوو، دادگای فیدراڵی، تەنها لە بەرژوەندیی حکومەتی فیدراڵی، بڕیاری دەرکردووە و هەرگیز بڕیارێکی دەرنەکردووە کە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستانی تێدا بێت.

بەیانی ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر ١٠ لە شاری هەولێر بە ئامادەبونی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵی و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی سەرجەم لایەنەکان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانی حکومەتی هەرێم کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەن ئەنجامدرا.

لای خۆیانەوە ، نەوەی نوێ و فراکسیۆنی یەکگرتوو و کۆمەڵی دادگەری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان داوە.





AM:11:04:11/01/2025