پسپۆری بواری کەشناسی، ئاراز جەبار پێشبینی دەکات ئەم مانگە کەشی هەرێم جێگیربێت و باران و بەفری هەرێمگیر نەبارێت، تەنها ١٩ ی کانوونی دووەمی ئەگەری هاتنی شەپۆلێکی بەفرو باران دەکرێت.
ئاراز جەبار ئەمڕۆ دوو شەممە رایگەیاند" لە ئەنجامی کاریگەری بەرزەپاڵەپەستۆی ھەوا لەسەر ناوچەکانمان بەدرێژای رۆژانی ئەم ھەفتەیە تا سەرەتای ھەفتەی داھاتوو ١٩ ی کانوونی دووەم کەش و ھەوا سەقامگیردەبێت و ئاسمان بە زۆری ساماڵ ئەبێت، پلەکانی گەرماش بەرێژەی کەم ١-٢ پلە لەرۆژانی داھاتوو بەرزدەبێتەوە" .
ئاماژە بەوەش دەکات یەکشەمەی داھاتوو ١٩ ی کانوونی دووەم شەپۆلێکی سەرما و بەفر بارین لە باکورەوە بە رێژەیەکی مامناوەند ناوچە جیاجیاکانی وڵاتی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە، ئەگەریش ھەیە بەلاوازی ناوچە شاخاویە سنوریەکانی ئەوپەری رۆژھەڵات و باکوری ھەرێمی کوردستان بگرێتەوە و ماوەیەکی کورت دەخایانێت و بە زووی کۆتای پێدێت و کاریگەری لەسەر ناوچەکانی دیکەی ھەرێم نابێت و کەشەکە بەسەقامگیری ئەمێنێتەوە" .
ئاراز جەبار دەشڵێت "بەگشتی تا ٢٤ی مانگ کەشی زۆرینەی ناوچەکانی ھەرێم زیاتر سەقامگیرە و ئەگەری شەپۆلی بارانی سەرتاسەری و بەفر بارین لە ئارادا نییە و ئەو دەنگۆیانەش رەتدەکەینەوە کە باس لە ھاتنی بارانی زۆر و بەفر دەکەن لەو ماوەیەدا و دوورن لەراستیەوە".
لە ئێستا لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمداین بەڵام تا ئێستا زۆر ناوچەی هەولێر و دهۆک بە دەم کەمبارانییەوە دەناڵێنێت و لە هەندێک شوێن باران پەڵەشی نەداوە تا جوتیاران گەنم بچێنن.