نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" عێراق یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیای بریتش پێترۆلیۆمی بەریتانی بۆ پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوک واژووکردووە".
نووسینگەکە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە" ئێوارەی دوێنێ سێشەممە یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە لەندەن واژوو کرا بۆ هەڵسەنگاندنی ئەگەری گەشەپێدانی تەواوەتی چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوک بۆ جێبەجێکردن، بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق هەیان عەبدولغەنی سەواد کە عامر خەلیل ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی باکووری عێراق، بە ناوی کۆمپانیای بریتش پێترۆلیۆمی بەریتانی واژووی لەسەر یاداشتەکە کرد".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی یاداشتەکە کارکردنە لەسەر ڕەوانەکردنی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی چوار کێڵگەی کۆمپانیای نەوتی باکور لە کەرکوک بۆ بی پی، بەمەبەستی زیادکردنی بەرهەمهێنان و گەیشتن بە باشترین ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئامانجدار لە نەوت و گازدا.
لای خۆشییەوە وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە" وەزارەتەکەی بەردەوامە لە دانوستان لەگەڵ کۆمپانیا بەریتانیەکە سەبارەت بە کارپێکردنی چوار کێڵگەی کۆمپانیای نەوتی باکور لە کەرکوک کە بریتین لە بای حەسەن، کەرکوک، جەمبور و خەباز، بە ئامانجی پەرەپێدانیان و زیادکردنی بەرهەمهێنان لەم بوارانە لە جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت بۆ وەبەرهێنانی غازی پەیوەندیدار لە ژێر ڕۆشنایی پێویستی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا".
کێڵگەی نەوتی کەرکوک بە کۆنترین کێڵگەی نەوتی عێراق دادەنرێت، هەروەها بە دووەم گەورەترین کێڵگەی نەوتی جیهان دادەنرێت لە ڕووی توانای بەرهەمهێنانەوە، هەروەها پێنجەم کێڵگەی نەوتی جیهانە لە ڕووی قەبارەوە.