بەربژێری ترەمپ بۆ وەزیری دەرەوە: پاراستنی کورد لە سووریا لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمریکایە

بەربژێری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لەبارەی کوردەکانی رۆژئاوای دەڵێت" قوربانی زۆریان داوە و یەکێک بوون لە هۆکارە سەرەکییەکانی تێکشکاندنی داعش و پاراستنی کورد لە سووریا لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمریکایە".

مارکۆ رۆبیۆ، بەربژێری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بۆ وەزیری دەرەوە لە ئەنجوومەنی پیران رایگەیاند" کوردەکان قوربانی زۆریان داوە و یەکێک بوون لە هۆکارە سەرەکییەکانی تێکشکاندنی داعش، زیاتر لەوەش چەکدارەکانی داعشیان زیندانی کردووە و مەترسییەکی گەورەیان لەسەرە و پاراستنی کورد لە سووریا لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمریکایە".

بەربژێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات" پێویستە ئاگربەستی نێوان تورکیا و هێزە کوردییەکان بپارێزرێت و دەبێت رێگە لەوە بگیرێت کە تورکیا ماوەی گواستنەوەی دەسەڵات لە ئەمریکا بقۆزێتەوە و رێککەوتنەکانی پێشوو پێشێل بکات".

بەربژێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دەدات لەوەی دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا "رابردوویەکی باش"یان نییە و دەڵێت" ئەو کەسە نوێیانەی لێپرسراویەتییان لە سووریا وەرگرتووە، ناتوانن لە لێکۆڵینەوەکانی ئێف بی ئای دەربازیان بێت و رابردوویان ئەوە نییە کە دڵخۆش و ئاسوودەمان بکات."

هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە دۆخی ئێستای سووریا کاریگەریی لەسەر کێشەی غەززە و تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە، بۆیە پێویستە هەوڵی سەقامگیرکردنی بدرێت.




 




PM:12:40:16/01/2025