شارەزایەکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات شەپۆلێکی بەفرو باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر دادەبەزێت.
ئەمشەو هەینی، هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردووەتەوە "پێشبینی دەکرێت رۆژی یەکشەممە لەسەر دووشەممە لەنێوان ١٩ بۆ ٢٠ی ئەم مانگە لە درەنگانی شەو کەشێکی ناسەقامگیر بەشێکی زۆر لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە."
دەشڵێت "شەپۆلێکی بەفروبارانی لاواز بۆ مامناوەند لەسەر نەخشە بەدیار کەوتووە و ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات، بەهۆی هاتنی بڕێک شێی دیاریکرا و دروستبوونی هەوری مامناوەند لە ناوچه دەشتاییەکانی هەولێر، کەرکوک، گەرمیان نمەباران بۆ بارانی مامناوەند دەیانگرێتەوە و لەناوچە شاخاوییەکانی هەولێر، دهۆک، سۆران، ڕاپەڕین، سلێمانی، هەڵەبجە و بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی گەرمیان بەهۆی هاتنی بارستەهەوایەکی ساردی جەمسەری کە لەناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باکووری کوردستان داخل بەتەواوی ناوچە شاخاوییەکان دەبێت، بەفربارین لەم ناوچانە بە چڕی دەستپێدەکات و لەوانەیە کاریگەریی بارستە هەواساردەکە زیاتر شۆڕبێتەوە بۆ ئەم ناوچانەی کە بەرزییان لەنێوان ٨٠٠ تا ١٠٠٠ مەتر کەمترە."
ئەو کەشناسە پێشبینی دەکات "ئەگەری هەیە، لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەفر ببارێت، ئەگەر شەپۆلەکە بەجێگری بمێنێتەوە و گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت".