نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان: خاوەنی پەیجەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن ناوەکانیان تۆمار بکەن

نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی كوردستان ڕایگەیاند، خاوەنی پەیجە ڕۆژنامەوانییەکان، دەتوانن سەردانیان بكەن بۆ ناو تۆماركردن، تا ئەو كاتەی بابەتەکە بە یاسا چارەسەر دەكرێت.

حاكم ئازاد حەمەئەمین نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی كوردستان بە میدیاکانی ڕاگەیاند"داوایان لە ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان كرد، دەسەڵات بداتە سەندیكای ڕۆژنامەنووسان بۆ تۆمارکردنی پەیجەکان، تا ئەو كاتەی بابەتەكە بە یاسا چارەسەر دەكرێت. ئەوانیش ئەو مافەیان پێداون بۆ تۆماركردنی پەیجەكان".

وتیشی"جگە لە دەزگا ڕاگەیاندنە فەرمییەكان، ژمارەیەك پەیج لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەن، کە هەواڵ و زانیاری بڵاو دەكەنەوە و لۆگۆ و ناوی تایبەت بەخۆیان هەیە، پێویستە خاوەنەکانیان سەردانیان بكەن بۆ تۆمار كردن و وەرگرتنی بڕوانامەی تۆمار".

رونیشی کردەوە، ئەوانەی پەیجی كەسیین پێویست بە تۆماركردن ناكات..

بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان، زیاتر لە ١٦٠٠ دەزگای راگەیاندن لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان تۆمار کراون کە ١٧٠ یان کەناڵی تەلەڤزیۆنین، بەڵام هیچ ئامارێکی ورد لەبارەی پەیجەکان بەردەست نییە...








PM:07:19:18/01/2025