ئاسایشی هەرێم: برایەک لە هەولێر خوشکەکەی دەکوژێت و لە کوێە دەستگیر دەکرێت

دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاشکرای دەکات کە دوای ئەوەی برایەک خوشکەکەی خۆی لە هەولێر دەکوژێت و هەڵدێت ئەمڕۆ لە کۆیە دەستگیر کرا.

دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە "  ڕۆژی ٢٠٢٥/١/١١ لەشاری هەولێر بەهۆی کێشەی خێزانییەوە ژنێک بەناوی(ژ، ی، ت) لەلایەن براکەیەوە دەکوژرێت و پاش ئەنجامدانی تاوانەکە تۆمەتبار هەڵدێت.
 
راشیگەیاند" دوای بڵاوبونەوەی هەواڵەکە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەزگای ئاسایشی هەرێم، لەپێناو دەستگیرکردن و دۆزینەوەی تۆمەتبار دەستبەجێ بەدواداچوونی ورد لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی تەکنەلۆجیای زانیاری ئەنجام دەدات و دوای بەدەستهاتنی زانیارییەکان دەردەکەوێت تۆمەتباری رووداوەکە لە شاری کۆیە خۆی حەشارداوە و بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا لە ٢٠٢٥/١/١٥ تۆمەتباری بکوژ بەناوی(ت، ی، ت) دەستگیربکەن و ئەو چەکی تاوانەکەی پێ ئەنجامدرابوو دەستیبەسەرداگیرا".

ئاسایشی هەرێم ئاشکراشیکرد کە لەئێستادا تۆمەتبار بەماددەی (٤٠٦) لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکەی بەردەوامە.



PM:12:24:19/01/2025