لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کچێکی شەش ساڵان، لە ئەنجامی دەستدرێژییکردنە سەری گیانی لەدەستدا و سێ کەسیش "بەتۆمەتی ڕووداوەکە" دەستگیرکراون.
پێگەی ڕۆکنە، لە هەواڵێکیدا بڵاویکردەوە" دوای ڕوودانی حاڵەتێکی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچێکی تەمەن شەش ساڵان بە ناوی (ن-چ) لە شاری بوکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕووداوەکە کردەوە و سێ کەسیان بە تۆمەتی ئەو تاوانە دەستگیرکردووە".
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕووداوەکە لە گەڕەکی زیبا شەهری شاری بوکان ڕوویداوە، کچە شەش ساڵانەکە دەسدرێژی سێکسی کراوەتە سەری و سەرەتا بە سەختی بریندار بووە، دواتر ڕەوانەی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید غولیپوور لە بوکان کراوە کە ئاسەواری ڕووشان و سوتاوی لەسەر جەستەی هەبووە و تووشی حاڵەتی خوێن بەربوون بووە، بەم هۆیەشەوە گیانی لەدەستداوە.
هەروەها لای خۆشییەوە ناسر عەتەباتی بەڕێوەبەری گشتی دادی پارێزگای ورمێ، لە لێدوانێکی ڕۆپژنامەوانیدا رایگەیاند" تۆمەتباری سەرەکی ڕووداوەکە برای ژنێکە کە لەگەڵ باوکی ن پەیوەندی هەبووە".
ئەوەشی خستەڕوو، کوڕەکە تەمەنی ١٩ ساڵە و خەڵکی سەقزە، لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەش لە ژێر کاریگەری ماددەی هۆشبەردا بووە کە لە ئێستادا باوکی ن و ئەو ژنەی پەیوەندی لەگەڵدا هەبووە، لەگەڵ ئەو کوڕە ١٩ ساڵە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون.
دایکی ن ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە و کچە شەش ساڵانەکەش لە گەڕەکی مەجبوراوای بۆکان لەگەڵ باوکی ژیاوە.