پەرلەمان شکستیهێنا لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی
سەرۆکی کاتیش دەستبەرداری پۆستەکەی دەبێت

پەرلەمانی کوردستان شکستیهێنا لە ئەنجامدانی دانیشتنی دیاریکراوی خۆی بۆ هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتی، هاوکات بە تەمەنترین سەرۆکی پەرلەمانیش دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند.

بەهۆی نەبوونی نیسابی یاسایی ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان هەڵگیرا کە پێشتر لەلایەن بە تەمەنترین ئەندام کە نوێنەری نەوەی نوێیە محەمەد سلێمان داوای بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەی کردبوو. 

بەپێی زانیارییەکان، ژمارەی ئامادەبووان لە کۆی ١٠٠ ئەندام تەنها ٢٦ ئەندام ئامادەی دانیشتنەکە بوون. 

لای خۆیەوە محەمەد سلێمان سه‌رۆكی كاتی خولی شەشەمی په‌رله‌مانی كوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لەناو پەرلەماندا ئەنجامدرا ڕایگەیاند" هیچ ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردن نەکراوە لە سەرۆکایەتی، و نیسابی یاسایی تەواو نەبووە، منیش ئامادە نیم لەم پۆستەدا بمێنمەوە". 

وتیشی" نامه‌وێت هاوبه‌شی بكه‌م له‌ دره‌نگ هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستاندا". 

مانگی ڕابردوو پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی خولی یەکەمی یاسادانانی لە خولی نوێی خۆیدا ئەنجامدا کە پەرلەمان دەرگای کاندیدکردنی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان کردەوە، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاسایی بڕیاریدا بە کراوەیی بمێنێتەوە.

هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان دوو کاندیدی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان بە ناوەکانی ڤالا فەرید و هەڵگورد شێخ نەجیب کاندید کرد و دوو کاندیدی دیکەش بە ناوەکانی شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ و میران محەمەد لە پشکی یەکێتی خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندیدکرد. 

لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا پارتی بە ٣٩ کورسی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و یەکێتی بە ٢٣ کورسی پلەی دووەم و جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە ١٥ کورسی توانی پلەی سێیەم بەدەستبهێنێت. 



PM:12:41:22/01/2025