برسێتیەكە لەمێژوودا نەبووە، نرخی نان لەدیمەشق ١٠ ئەوەندە گرانبووە

لەدوای رووخانی ئەسەد، گرانیەكی گەورە رووی لەسوریا كردووە و نرخی کاڵاو شمەک بە رادەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و  باری ژیانی خەڵك زۆر گرانترو زەحمەتتر بووە، لە لایەکی دیکە فەرمانگەکانی حکومەت لەکارکەوتوون و بازارەکان پڕبووە لە کالای بێ کوالیتی تورکی و حکومەتی کاتیش دەستی بەسەر هەموو جومگەکانی ژیاندا گرتووە.

سەرتیپ جەوهەر ڕۆژنامەنووسی شارەزای کاروباری سوریا و ڕۆژئاوا لە میانی وتارێک کە لە ماڵپەری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردوەتەوە باس لە بارودۆخی ئابووری ئێستای سوریا دەکات.


لە بەشێکی وتارەکەیدا هاتووە: دۆخی ناوخۆی سوریا رۆژ دوای رۆژ ئالۆزتر دەبێت. هەموو ئەگەرەكان بەئاراستەی تێكچوونی دۆخی ئابوریی و سیاسیە. حوكمڕانانی نوێ‌ هیچ بەرچاوروونیەكیان نەداوەتە خەڵكی سوریاو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبارەی چارەنوس و ئایندەی حوكمڕانی و ژیان لەو وڵاتە.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات" نرخی بەستەیەك نان (12 نان) پێشتر لەلایەن نانەواخانەكانی حكومەت بەكارتی زیرەك بەتەنها 400 لیرەی سوری بوو، بەڵام ئێستا نانەواخانەكانی حكومەت نەماون و نرخی یەك بەستەی نان لەنێوان 4 هەزار بۆ 4500 لیرەی سوریە. بەر لەرووخانی رژێمی سوریا، دەوڵەت بوتڵی غازی ماڵانی بە 19 هەزار لیرە بۆ یەك مانگ بەهاوڵاتیی دەدا، ئێستا حكومەت هیچ دابەشناكات و لەبازاڕی رەشیش لەنێوان 225 بۆ 250 هەزار لیرەیە واتە زیاتر لە 20 دۆلار كە زیاترە لەموچەی مانگێكی فەرمانبەرێك. لیترێك بەنزین لە 10هەزار لیرە گران بووە بۆ 18 هەزار لیرەی سوری. نرخی گواستنەوەی خوێندكاران لە هەزار لیرەوە بووە بە 3 هەزار لیرە. بەستەیەك مەكەڕۆن لە 3 هەزار لیرەوە بووە 12500 لیرە..تد".

سەرتیپ جەوهەر ئەوەش دەخاتەروو" لەگەڵ ئەم بارودۆخە خراپەی ئابوریی، بازاڕەكانی سوریا پڕبووە لەكاڵای توركی هەرزان و خراپ، ئەمەش لەداهاتوویەكی مەترسیەكی زۆر گەورە بۆسەر ئابوریی ئەو وڵاتە دروستدەكات، چونكە بەرهەمی ناوخۆ دەرەقەت هەرزانیی كاڵای خراپی توركی نایەت و سەرئەنجام دەبێتەهۆی لەناوبردنی بەرهەم و پیشەسازیی ناوخۆ. ئێستا حەلەب شارێكی پیشەسازیی و بازرگانیی گەورەیە لەسوریاو ناوچەكە، ئەگەر بەمشێوەیە كاڵای توركیا روو لەسوریا بكات ئەوا كاڵای ناوخۆ دادەپۆشێت و لەناوی دەبات.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی وتارەکە سەردانی ئەم لینکە بکەن




PM:07:29:23/01/2025