لە نوێترین لێدوانیدا مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند " پەیوەندیی نێوانمان لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا لە ئاستێکی باشدایە"، هەروەها داوا لە ئەمەریکاش دەکات کە نێوەندگیریان لەگەڵ حکومەتی کاتی سوریادا بکات.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەوانی بەریتانی ئالان دونجان رایگەیاند " هەرچەندە لەگەڵ تورکیا پەیوەندییەکی راستەوخۆمان نییە، بەڵام دەمانەوێت کێشەکانی نێوانمان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین و، داوا لەئەمەریکا دەکەم نێوەندگیریمان بکات، هەروەک چۆن نێوەندگیریی کردووە لە پەیوەندی نێوان هەسەدە و حکومەتی نوێی سووریادا".
لە درێژە قسەکانیدا، مەزڵوم عەبدی، دەشڵێت " هەرچەندە بڕیاربوو لە ژێر سێبەری ئاگربەستدا هێزەکانمان لە منبج بکشێنینەوە، بەڵام هێزە چەکدارەکانی سەربە تورکیا پابەند نەبوون و پێشێلکارییان کرد، دەشڵێت، تورکیا سوود لە ئاڵۆزیی و بۆشاییە ئەمنییەکانی سووریا وەردەگرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە نزیکەی ٨٠ رۆژە میلیشیای ناسراو بە سوپای نیشتمانی بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی و تۆپهاوێژی دووری تورکیا هێرش بەردەوامە لەسەر ناوچەکانی مینبەج و بەنداوی تشرین.