مەزڵوم عەبدی: پێویستە کورد یەکهەڵوێست بێت و بە یەک شاند بچێتە دیمەشق

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕایگەیاند: بۆ ئەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی لە سوریا، بێتە ئاراوە، دەبێت مافی هەمو پێکهاتەکان لە دەستوردا مسۆگەر بکرێت و وتیشی، پێویستە کورد بە یەک شاند بچنە دیمەشق..

مەزڵوم عەبدی، لە پەیامێکی ڤیدیۆیی بۆ دیداری باشور بۆ ئایندەی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕایگەیاند"یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی ڕوخانی دەسەڵاتی ئەسەد، چارەسەر نەکردنی پرسی کورد بو و وتیشی: بۆ ئەوەی لە سوریای نوێ، چارەسەرێکی هەمیشەیی بێتە ئاراوە، دەبێت مافی هەمو پێکهاتەکان بە تایبەتی کورد لە دەستوردا مسۆگەر بکرێت". 

فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەختیشی کردەوە"دەبێت هەمو پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕۆڵ و نوێنەریان لە حکومەتی داهاتوی سوریادا هەبێت". 

 ئاماژەی بەوەش کرد"پێویستە هەمو هێزە لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، یەکهەڵوێست و یەک وتار بن و بە یەک شاند لە دانوستانەکان لەگەڵ ئیدارەی نوێی دیمەشق بەشدار بن". 

عەبدی، داواشی لە هەمو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان کرد، هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی تورکیا..



PM:07:24:25/01/2025