رێکخراوی CPT رایگەیاند" تورکیا لە سنووری ئیدارەی زاخۆ خانوی هاوڵاتیەکی لە تۆڵەی کوشتنی ئەفسەرێک و چەند سەربازێکدا" تەقاندووەتەوە.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی - عێراقی رێکخراوی CPT ـی ئەمریکی رایگەیاند" کە تورکیا لە تۆڵەی کوشتنی ئەفسەرێک و چەند سەربازێکدا، لە سنووری ئیدارەی زاخۆ خانوی هاوڵاتیەکی تەقاندووەتەوە".
کامەران عوسمان، ڤیدیۆی تەقاندنەوەی خانووەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت" لە گوندی شلینێی شارەدێی باتیفایە و لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە تەقێندراوەتەوە، لە تۆڵەی ئەوەدا بووە لە هێرشێکی گەریلاکانی پەکەکە لە رۆژی هەینی رابردوودا بۆ سەر بارەگایەکی سوپای تورکیا لە گوندەکە، ئەفسەرێک و حەوت سەرباز کوژراون".
کامەران عوسمان ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو خانووە خانەباخی هاونیشتمانییەک بووە بە ناوی محەمە شەریف زوبێر، لە کاتی رووداوەکەدا هیچ کەسێک لە ماڵەکەدا نەبووە.
بەگوێرەی ئاماری CPT، سوپای تورکیا ٧١ بارەگای لە هەرێمی کوردستان هەیە و تەنیا لەساڵی ٢٠٢٤دا، نۆ هاونیشتمانیی بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە، لە دوو ساڵی رابردووشدا ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک بوونەتە مەیدانی پێکدادانی نێوان ئەندامانی پەکەکە و سوپای تورکیا.