هەسەدە: ٢٠ چەکداری سەر بە تورکیا کوژران

هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایدەگەیەنێت" ٢٠ چەکداری سەر بە تورکیا کوژران و ٩ی دیکەش برینداربوون و دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژیش خرانە خوارەوە". 

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە، ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" دوێنێ شەممە، شەڕڤانانمان هێرشێکی بەکرێگیراوانی تورکیایان پووچەڵکردەوە بۆ سەر خاڵێکی هێزەکانمان لە گوندی خربەت ئەلزەمالە، باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج کە تێیدا پێکدادان لە نێوان شەڕڤانانمان و بەکرێگیراوەکان ڕوویدا و بووە هۆی کوشتنی چوار بەکرێگیراو و برینداربوونی پێنج کەسی دیکە، لە کاتێکدا باقی بەکرێگیراوەکان لە مەیدانەکە هەڵهاتن". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا هاوڵاتییانی مەدەنی لە بەنداوی تشرین لە کاتی ئەرکدا کردە ئامانج و ژمارەیەکیان برینداربوون کە یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و ١٢ کەسی دیکەش برینداربوون.

هەسەدە ئەوەشی خستەڕوو، لە میحوەری پردی قەرەقۆزاقیش شەڕڤانان وەڵامی تۆپبارانێکی سوپای تورکیا و میلیشیاکانیان دایەوە و لە ئاکامدا دوو چەکدار لە گوندی قەبر ئیمۆ کوژران و چواری دیکەش برینداربوون.

هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕاشیگەیاند کە" لە کاتی بەرپەرچدانەوەی پەلامارێکی سوپای تورکیا و میلیشیاکان بۆ سەر گوندێکی سەر بە شارۆچکەی ئەبوقەلقەل ١٤ چەکدار کوژران کە یەکێکیان ئەبو حارس جەزراوی، فەرماندەی فیرقەی حەمزە بووە". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" لە کۆی چالاکییەکانی دوێنێدا ٢٠ چەکداری سەر بە تورکیا کوژران و ٩ی دیکەش بریندار بوون، هەروەها شەڕڤانێک گیانی لەدەستداوە و سیانی دیکەش برینداربوون". 



PM:03:40:26/01/2025