ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق قەدەغەکردنی هاوەردەکردنی پەلەوەر و بەرهەمەکانی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ تەواوی پارێزگاکانی عێراق ڕاگەیاند، بەهۆیەشەوە نرخی مریشک و هێلکە هەرزان بووە، بەجۆرێك شەش هێلكە بووە بە هەزار دینار.
نازم عەبدوڵڵا سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند" لە ئێستادا هەرێمی کوردستان نزیکەی ٥٠ ملیۆن مریشکی هێلکەدەری هەیە، هەروەها زۆرێک لە بازرگانانیش پشت بە پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکانی پەلەوەر دەبەستن لە ڕێگەی وەبەرهێنانی ناوخۆییەوە، بەڵام زیاتر لە هەشت مانگە، و بەپێی بڕیارەکە لە حکومەتی فیدراڵی، هەناردەکردنی مریشک لە هەرێمەوە بۆ باقی پارێزگاکانی عێراق قەدەغەکراوە، ئەمەش زیانێکی گەورەی بە خاوەن پڕۆژەکانی بەرهەمهێنان گەیاند".
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵەکە پەیوەندییان لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق کردووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم کێشەیە، بەو پێیەی ٥٠٠ هەزار هەلی کار لە کەرتی پەلەوەر هەیە کە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە ئەگەر قەدەغەکردنەکە بەردەوام بێت.
جەختیشی لەوە کردەوە کە" بەردەوامی قەدەغەکردنەکە و تەحەددیاتی دیکەی وەک بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان بە ڕێژەی ٥٠%".
نازم عەبدوڵڵا وتیشی" نرخی بەرهەمهێنانی یەک کیلۆ مریشک دەگاتە دوو هەزار و ٥٠٠ دینار، بەڵام لە بازاڕەکاندا یەک کیلۆ بە هەزار و ٩٠٠ دینار دەفرۆشرێت، ئەمەش فشارێکی زۆر لەسەر خاوەن کێڵگەکان دروست دەکات و دەبێتە هۆی فرۆشتنی بەرهەمەکانیان بە زەرەر".
هەروەها داوای لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە کار بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بکەن بە کردنەوەی بازاڕی نوێ و دەستەبەرکردنی هەناردەکردنی زیادەی بەرهەم بۆ پارێزگاکانی عێراق، داوای لە نوێنەرانی کوردیش کرد هەڵوێستێکی یەکگرتوو بگرنەبەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کە هەڕەشەی لەسەر داهاتووی هەزاران کرێکار لەم کەرتە گرنگەدا هەیە.