ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا و ئیدارە نوێکەی كار بۆ داڕشتنەوەی حوکمڕانی لە عێراقێدا دەکات و پلانێکی هەلایەنەی بۆ ئەو وڵاتە داناوە کە سەرجەمیان پەیوەندی بە میلیشیا شیعەکان و چارەنووسی حکومڕانی شیعەوە هەیە.
رۆژنامەی " ئیندیپێندت " بەریتانی بڵاویکردۆتەوە کە "ئەگەر بەغدا شكستی هێنا لە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی ئەوا ترامپ كار بۆ داڕشتنەوەی عێراقێكی نوێ و جیاواز دەکات".
رۆژنامەکە نووسیوویەتی " ترامپ داوای لە (سی ئای ئەی و پینتاگۆن) كردووە ئەلتەرناتیفی ئامادەبکەن"، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ئەو میدیایە کەوتووە، ئاماژە بەوە کراوە: ئەگەر بەغدا شكستی هێنا لە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی ئەوا ئەمریكا رێگایەکی تر دەگرێتە بەر".
هەروەها هاتووە " بە بیانووی ئەوەی لە عێڕاق سەربازانی ئەمریكا لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە کوژراون و هێرشیان كردووەتە سەر باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا، ئەوا پلان بۆ دابەشکردنی عێراق دادەڕێژرێت".
راپۆرتی ئەم رۆژنامە بەریتانیە یەکەم تێڕوانینی ئیدارەی نوێی ئەمەریکایە لە بارەی عێراقەوە کە هێشتا بەفەرمی رانەگەیەندراوە.
دوو رۆژ لەمەوبەریش لە پەیوەندیەکی تەلەفونی وەزیری بەرگری ئیسرائیل و وەزیری نوێی بەرگری ئەمەریکاشدا، وەزیرەکەی ئیسرائیل ئاماژە بۆ ئەوە کردووە کە چیتر ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر ئێران دەکات.
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە کە دۆخی ئێران و هاوپەیمانە شیعەکانی لە هاتنەوە سەرکاری ترەمپ باش نابێت و زیاتر گەمارۆ و لاواز دەکرێن.