ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ هەینی لە راپۆرتێکدا بڵایکردوەوە هێزەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی زەمینی ٢٠ بارهەڵگر کە کەرەستەی سەربازی و لۆجستی و تانکەری سووتەمەنییان پێبووەیان ڕەوانەی بنکەی قەسرەک کردووە ئەوەش لە چوارچێوەی بەهێزکردنی بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان دێت.
هاوکات لە ٢٨ی کانونی دووەمیش فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەر بە "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی” کە پڕ بووە لە پێداویستی لۆجستی و سەربازی، لە بنکەی ئەلشەدادی لە لادێکانی باشووری ئەلحەسەکە نیشتووەتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان نۆ بنکەی ئەمریکی لە سوریا هەیە لە نێوانیاندا بنکەیەک لە ناوچەی ئەلتەنف لە لادێکانی ڕۆژهەڵاتی حومس، دوو بنکەی لە لادێکانی دێرەزۆر و شەش بنکەی لە پارێزگای ئەلحەسەکە.
ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ڕەتی کردەوە کە باسیان لە کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەیان لە سوریا کردبێت ودەڵێت، لە داهاتودا لەگەڵ ئیدارەکەی بڕیار لە سەر ئەو بابەتە دەدات.