هیومان ڕایتس وۆچ: تورکیا بە ئاشکرا خەڵكی مەدەنی لە سوریا بە ئامانج دەگرێت

ڕێكخراوێكی بواری مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە: هێرشی تورکیا و گروپە لایەنگرەکانی بۆسەر ئامبوڵانسەکانی مانگی سوری کوردی لە باکوری سوریا لە تاوانی جەنگ دەچێت، هەربۆیە دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

هیبا زیائەدین، ئەندام و لێکۆلەر لە ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند: تورکیا و سوپای نیشتمانی سوریا، بە ئاشکرا هێرش دەکەنە سەر خەڵك و ناوچە سڤیلنشینەکان لە سوریا.

ئەو لێکۆڵەرەی ریکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکرد: هێرشکردنە سەر ئامبوڵانسێكی مانگی سوری کوردی لە ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە لە نزیك بەنداوی تشرین لە تاوانی جەنگ دەچێت و دەبێت لێپرسینەوە لەگەڵ سوپای نشتیمانی سوریا بکرێت.

ڕێكخراوەکە لە زاری چەند هاوڵاتییەك لە ڕۆژئاوای کوردستان بڵاویشیکردوەتەوە، خەڵكی لە ناوچەکە بە شێوازێكی ئاشتیانە چونەتە بەنداوی تشرین بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە ئامانجگرتنی ژێرخان و سەرخانی خاکەکەیان بەهۆی دەستدرێژییەکانی تورکیا و گروپە چیکدارەکانەوە. 

بەهۆی لەکارکەوتنی بەنداوی تشرین، ٤١٣ هەزار کەس لە ناوچەکانی منبەج و کۆبانێ و دەوروبەریان، بێ ئاو و کارەبا بون، بەوهۆیەوە هاوڵاتییان قەڵغانی مرۆییان لەسەر بەداوەکە دروستکردوە بەڵام تورکیا و گروپەچەکدارەکانی سوپای نیشتیمانی سوریا بەردەوام بۆردومان و هیڕشیان دەکەن سەر. 



AM:11:35:31/01/2025