سێیەم کۆبوونەوەی شاندی هەرێم و بەغدا دەستیپێکرد

سێیەم کۆبوونەوەی شاندی هەرێم و بەغدا لەسەر مووچەی خانەنشینان دەستی پێکرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢ـی شوباتـی ٢٠٢٥، سێیەم کۆبوونەوەی شاندی هەرێم و بەغدا دەستی پێکرد بۆ یەکلایی کردنەوەی پرسی مووچە بەمەبەستی دووبارە وردبینی و هاوتاکردنەوەی داتاکانی مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و گرێبەست و پاراستنی کۆمەڵایەتی.

هاوکات بڕیارە تا سبەی بەغدا بڕی ٩٥٠ ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی یەکی هەرێم بنێرێت و چاوەڕوان دەکەن تا سێشەممە پارەی مووچەی مانگی یەک بگاتە هەرێم و لە هەوڵی ئەوەدان مووچەی مانگی یەک لەماوەی پێنج رۆژدا دابەشبکەن.

رۆژی هەینی دوای سێ کاتژمێر کۆبوونەوەی یەکەمی وەفدی وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێم بە سەرپەرشتی فواد حسێن، ئاوات شێخ جەناب، بە بێ بڕیار کۆتاییهات و دواتر  وەزیری دارایی هەرێم بە رۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند " لەێکتێگەیشتنی باش هەیە و سبەینێش کۆبوونەوە بەردەوام دەبێت".

لای خۆشییەوە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان  لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی" کۆبوونەوەکە لەبارەی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان لە کەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا بوو.






PM:12:58:02/02/2025