پێشەوا هەورامانی: بەغدا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا مووچەی مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٥ بنێرێت

وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند: ئامانج  لە دوایین کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق ئەوەیە مووچەخۆران مووچەکانیان بەبێ کێشە وەربگرن،  دەشڵێت"گفتوگۆکان بۆ مووچەی مانگێک نییە و بۆ کۆی مووچەی مانگی ٢٠٢٥ دەبێت".

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان شاندی هەرێم و بەغدا کە ماوەی دوو رۆژە بەردەوامە و سبەینێش بەردەوام دەبێت، بۆ مووچەی مانگێک نییە و بۆ کۆی مووچەی مانگی ٢٠٢٥  دەبێت و ئامانج ئەوەیە مووچەخۆران مووچەکانیان بەبێ کێشە وەربگرن.

ئاماژەی بەوەشدا، هەماهەنگی زۆر باش لەنێوان هەردوو شاندەکە هەیە، ئێمە وەک حکومەتی هەرێم نیەتمان ئەوەیە چارەسەری کێشەکان بکرێت بە ڕیشەیی نەک کێشەکان قوڵتر بکەینەوە، هاوکات سبەینێش شاندی هەرێم جارێکیتر لەگەڵ بەغدا کۆدەبنەوە و چارەنووسی مووچەی مانگی ١٢  بەشێکە لەو کارانەی لەگەڵ شاندی عێراق تاوتوێ دەکرێت، هاوکات هەوڵدەدەین چارەسەریکی گونجاو بۆ گرفتی مووچەی مانگی ١٢ بدۆزینەوە.

جەختیشیکردەوە، بەپیی لێکتێگەیشتنەکان چاوەڕواندەکرێت بەغدا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا مووچەی مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٥ بنێرێت.
لەبارەی هەناردەی نەوت، پێشەوا هەورامانی ڕایگەیاند، دوای دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجە، حکومەتی هەرێم وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕادەستپیردرێت و دەست بەکارەکانیان دەکەن، بۆئەوەی لە زوترین کاتدا هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە.

ئەوەش لە کاتێدایە دوو ڕۆژ لە مانگی شوبات تێپەڕدەبێت و تا ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی کانوونی یەکەم و دووەمیان وەرنەگرتووە.




PM:06:45:02/02/2025