"هەر لایەنێک دەستشکانەوە لەگەڵ ئیرادەمان بکات، دەشکێتەوە و بەچۆکدا دێت"

ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لەبارەی خۆپیشاندانە بەرفراوانەکەی ئەمڕۆ پەیامێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن" هەر لایەنێک دەستشکانەوە لەگەڵ ئیرادەمان بکات، سەرەنجام دەشکێتەوە و بەچۆکدا دێت". 

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، لە پەیامێکدا ڕایانگەیاندووە" پڕ بەدڵ‌ سوپاسی بەدەمەوەهاتنی بەرفراوان و هەڵوێستی مەردانە و بوێرانەی هاوڵاتییان و چین و توێژەکان دەکەین دەستی پێزانین و وەفاداری بەسنگەوە دەگرین بۆتان کە بەدەنگ بانگەوازەکەمانەوە هاتن و بەگوڕوتینەوە بەشداری خۆپیشاندان و ڕێپێوانی جەماوەری ئەمڕۆتان کرد". 

دەشڵێن" سەلماندتان ئیرادەی پۆڵایینی ئێوە، گرەوی لەسەر ناکرێت و هەر لایەنێک دەستشکانەوە لەگەڵ ئیرادە و بازووی هێزمان بکات، سەرەنجام دەشکێتەوە و بەچۆکدا یەت". 

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەران خۆپیشاندانێکی بەرفراوانیان بۆ پشتیوانی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو ئەنجام دا.

ماوه‌ى حەوت ڕۆژه‌ ژمارەیەک مامۆستا و فه‌رمانبه‌ر دژی دواكه‌وتنى مووچەکانیان مانیان له‌ خواردن گرتووە و لە بەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان خێمەیان هەڵداوە. 



PM:03:07:03/02/2025