قوباد تاڵەبانی: داوا لەسەرجەم لایەنەکان دەکەم بەشداری لە حکومەتی خۆجێی کەرکوک بکەن

بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە ٦ی شوباتی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەردانێک گەیشتە پارێزگای کەرکوک و لەلایەن پارێزگاری شارەکە و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکەوە پێشوازی لێکرا و جێگری سەرۆکی حکومەتیش پشتیوانی خۆی بۆ پارێزگاکە دوپاتکردەوە و رایگەیاند" داوا لەسەرجەم لایەنەکان دەکەم بەشداری لە حکومەتی خۆجێی کەرکوک بکەن" .

پاش کۆبونەوەی لەگەڵ رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "خۆشحاڵم ئەو یەک تیمییە لە حکومەت و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەبینم، کە ئامانج لێی خزمەتکردنی خەڵکی کەرکوکە".

هەروەها وتیشی"کەرکوکییەکان حوکمڕانییەکی باشیان دەوێت نەک سیاسەت، کەبێ گومان ئەو حوکمڕانییە باشەش بە یەک تیمی و یەک ئامانجی دێتە دی، هاوکات هاتووین پشتیوانی حکومەتی هەرێم و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان بۆ دووپات بکەینەوە".

قوباد تاڵەبانی لە بەشێکی تری قسەکانیدا راشیگەیاند"داوا لەسەرجەم لایەنەکان دەکەم بەشداری لە حکومەتی خۆجێی کەرکوک بکەن، هەتا هەموومان پێکەوە بتوانین حوکمڕانییەکی باشتر پێشکەش بە خەڵکی کەرکوک بکەین و چاودێربین بەسەر کارەکانی حکومەتەوە".




PM:12:26:06/02/2025