کەشناسی: بارانبارین تا بەرەبەیانی هەینی بەردەوام دەبێت

شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت شەپۆلی باران و بەفربارین تا بەرەبەیانی سبەینێ بەردەوام دەبێت و دواتر تا ناوەراستی هەفتەی داهاتوو پلەکانی گەرما لە هەرێم نزم دەبێتەوە و لە کۆتایی هەفتەی داهاتوو ئەگەری هاتنەوەی شەپۆلێکی دیکە بارانبارین بۆ هەرێم پیشبینی دەکرێت.

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٦ی شوبات بڵاویکردەوە" بۆ ئەمشەو و تا بەرەبەیانی سبەی ھەینی ٧ی شوبات کاریگەری شەپۆلی بەفر و بارانبارین لەسەر ناوچەکانمان درێژەی ئەبێت و لە سبەی کاتی بەیانیەوە کاریگەریەکانی کۆتای پێدێت و کەش سەقامگیر ئەبێتەوە و ئاسمانیش بە زۆری دەگۆرێت بۆ ساماڵ و پەڵە ھەور و ھەندێک کات نیمچە ھەور ئەبێت".

ئاراس جەبار لەبارەی کەشوهەوای هەفتەی داهاتوو دەڵێت" ھەر لە سبەی ھەینیەوە تا ناوەراستی ھەفتەی داھاتوو ناوچەکانمان دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری دووھەم بارستە ھەوای سارد ئەمجارەیان بە شێوەی وشکە سەرما و نزمبوونەوەی زیاتری پلەی گەرمی کاریگەری ئەبێت و لەم شەپۆلەدا ئەگەری باران و بەفر نابێت وە لەناوچەکانی رۆژھەڵاتی ھەرێم و بەگشتی ناوچە شاخاویەکان و پارێزگای سلێمانی بای باکوری رۆژھەڵات چالاک ئەبێتەوە".

ئاراس جەبار پێشبینیش دەکات لە کۆتایی هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی نوێی بەفر و باران هەرێم بگرێتەوە.




PM:07:36:06/02/2025