هۆشیار زێباری: دان بەوە دەنێم کە لە هەرێمی کوردستان نەوت بە قاچاخ دەفرۆشرێت

هۆشیار زێباری رایگەیاند"  دان بەوە دەنێم کە لە هەرێمی کوردستان نەوت بە قاچاخ دەفرۆشرێت، بەڵام بەو شێوەیە نییە کە باس دەکرێت"، هاوکات ڕەتیشیدەکاتەوە باڵ باڵێن و ململانێ لەسەر سەرۆکایەتی لە ناو پارتیدا هەبێت.

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (عەهد) دانی نا بەوەی قاچاخچێتی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و وتی" بە هۆی سروشتی ناوچەکەوە، قاچاخچێتی نەوت هەیە لە هەرێمی کوردستاندا، ئەگەر بڵێم نییە، ڕاست ناکەم، بەڵام بەو شێوەیە نییە کە باس دەکرێت".

سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتیش هۆشیار زێباری رایگەیاند" لە گفتوگۆی چڕداین بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەو گفتوگۆیەش هەموو لایەنە براوەکانی گرتووەتەوە".

ڕاشیگەیاند" یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوبەشی پارتییە لە بنیادنانی هەرێمی کوردستان و نامانەوێت هیچ لایەنێک لە پێکهێنانی حکومەت دووربخەینەوە".

هۆشیار زێباری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە دۆخی ناوخۆی پارتی کرد و ڕەتیکردەوە کە باڵ باڵێن هەبێت وئاشکراشی کرد "ناکۆکیمان لەسەر سەرۆکایەتی پارتی نییە و مەسعود بارزانی مەرجەعمانە، سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرکردایەتی حزبی هەموویان پابەندن بە یەک ئاڕاستەوە، باڵ باڵێن نییە، ڕکابەریی هەیە، بەڵام ناکۆکی نییە".



AM:10:26:09/02/2025