ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بۆ ئەمساڵ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم زامنكراوە، باس لەوەش دەکات کە، بەغداد هیچ بڕە پارەیەك بۆ مووچەی مانگی ١٢ نانێرێت.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا وتی" بۆ مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردووی مووچەخۆرانی هەرێم بەغداد هیچ بڕە پارەیەك نانێرێت و هەرێم دەتوانێت لە داهاتی ناوخۆ یاخود وەك قەرز بڕێك پارە لە بەغداد وەربگرێت".
باسی لەوەشکرد" بەپێی ئەو رێككەوتنەی كراوە مووچەی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان زامنكراوە و چاوەڕواندەكرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبدەكاتەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە کە تائێستا مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو بە هەڵپەسێردراوی لە نێوان هەرێم و بەغدا ماوەتەوە و ماوەی ١٣ رۆژە مامۆستایان بۆ دەربڕینی نارازی و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی خێمەیان هەڵداوە و مانیان لە خواردن گرتووە و بواری تەندروستی زۆربەیان ناجێگیرە> بەڵام دەڵێن تا داواکارییەکانمان جێبەڤێ نەکرێ دەست لە مانگرتن هەڵناگرین و هەر ئەمڕۆش مامۆستایانی ناڕازی بۆ پاڵپشتی لە مانگرتوان بەرەو هەولێر رێکەوتن بۆ ئەنجامدانی خۆپشاندان.